عێراق تائێستا داوای قەرەبووی شەهیدانی پەرخی لە دەوڵەتی تورك نەكردووە

بەغدا- وسام زەهرونی

دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە بە ئامانجكردنی هاوینەهەواری پەرخ  لەلایەن دەوڵەتی توركەوە و شەهید و برینداربوونی دەیان ژن و منداڵ، حكومەتی عێراق كەمتەرخەمە لە بەرامبەر هێرش و پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی تورك، تائێستاش عێراق داوای قەرەبووی شەهیدانی پەرخی پێشكەش بە دەوڵەتی تورك نەكردووە.

دۆسیەی قەرەبووكردنەوەی شەهیدان و بریندارانی هاوینەهەواری پەرخ لە دادگا نێودەوڵەتییەكان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە نەكراوەتەوە، وەک شارەزایانی كاروباری سیاسییش دەڵێن: قوربانیانی دەستدرێژیی توركیا بەبێ هیچ قەرەبوویەك ماوەتەوە.

عارف حەمامی
عارف حەمامی

عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستا عێراق هیچ داواكارییەكی فەرمی پێشكەش ئەنقەرە نەكردووە، كە داوا لە توركیا بكات قەرەبووی ماددیی زیانە مرۆییەكانە سەر هاوینەهەواری پەرخ لە پارێزگای دهۆك بكاتەوە، كە بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی بەهۆی بۆردوومانی توركیاوە شەهیدە بوون، بە شەهید هەژماركراون و بەفەرمی لە دامودەزگاكانی شەهیداندا تۆماركراون و كەسوكاریان هەموو یارمەتییە داراییەكان و یارمەتییەكانی دیكەشیان وەك شەهیدانی دیکەی عێراق وەردەگرن.

باسی لەوەشكرد، پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە خێرایی ڕێكارە یاساییەكانی بەرامبەر ئەنقەرە تەواو بكات، سەبارەت بە داوای قەرەبووی ماددیی و مەعنەویی، چونكە ناتوانین بێدەنگ بین، ئەم بێدەنگیەش پاڵ بە توركیا دەنێت بۆ بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژیی دژی هاوڵاتییانی عێراق، جا چ مەدەنی یان سەربازیی بێت.

بۆردومانی هاوینەهەواری پەرخ بووە هۆی وروژاندنی بیروڕای گشتیی نێودەوڵەتی و زۆر هەڵوێستی پشتیوانی بۆ عێراق دەربڕدرا، بەڵام دۆسییەكە بە شێوەیەكی دروست و بە تەواوی لەلایەن عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكرا.

سالم حەواس
سالم حەواس

هەروەها، سالم حەواس، شارەزای كاروباری یاسایی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ شتێكی فەرمیمان نەبیستووە و نەمانبینیوە، كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە كرابێت، سەبارەت بە هەر قەرەبوویەك یان هەر شتێكی تر لە دژی ئەنقەرە، بەهۆی ئەو بۆردوومانەی بۆ سەر هاوینەهەواری پەرخ ئەنجامیدا و چەندین هاوڵاتی شەهید و بریندار كرد.

ڕوونیشی كردەوە، پێویستە ئەو جۆرە دۆسییانە بخرێنە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و بە فەرمی پێشكەش بكرێن، ئەو جۆرە دۆسییانە پێویستی بە ماوەیەكی زۆر درێژ هەیە، لەوانەیە زیاتر لە سێ ساڵ بخایەنێت، چونكە ئەو بابەتە پێویستی بە چەندین لێكۆڵینەوە هەیە.

دەشڵێت: عێراق مافی خۆیەتی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، داوای قەرەبووی ماددیی و مەعنەویی لە ئەنقەرە بكات، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان هاوڵاتیی عێراقی،  دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەم دۆسیەیەدا دادپەروەری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر عێراق سكاڵاش پێشكەش نەكات، چونكە دەستدرێژی توركیا ڕوونە و ئەنقەرە دان بەوەدا دەنێت، كە ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە.

كازم حاج شرۆڤەكاری سیاسیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستا فشارە سیاسییەكان دەستیان بەسەر پەیوەندییەكانی دەرەوەی عێراق گرتووە و هەر بۆیەش هیچ جوڵەیەكی ڕاستەقینەی عێراق دژ بە ئەنقەرە نابینین، ئەمەش بووەتە هۆی دەستدرێژییە بەردەوامەكانی سەر عێراق و شەهیدكردنی هاوڵاتییان.

كازم حاج
كازم حاج

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دەرەوە وەك دۆسییەكی سیاسیی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسییە دەكات، هەر بۆیەش دەبینین هەمیشە بە بەیاننامەی ئیدانەكردن یان پێشكەشكردنی یاداشتی ناڕەزایەتی ڕازی دەبێت، كە ئەمەش ڕێكاری خۆپاراستن لە دژی دەستدرێژیی توركیا نییە، هەروەها بەردەوام فشاری هاوڵاتییان و چالاکوانان لەسەر حکومەتی عێراق هەیە لە بەرامبەر ئەو بێهەڵویستییەی لە دژی ئەو دەستدرێژییانە.

لە كۆتایدا وتی: پێویستە سەرۆك وەزیران دەستێوەردانێكی شەخسی بكات، بەدواداچوون بۆ دۆسییەی داواكاری قەرەبووی دارایی لە ئەنجامی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر عێراق بكات، ئەمانە شەهیدی شەڕی دەرەكین بەپێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكان مافیان هەیە، نابێت دەستبەرداریان مافەكانیان بین یان موزایەدەیان لەسەر بكرێت، بۆ ئەجێندایەكی سیاسیی و حزبیی.

هاوینەهەواری گەشتیاریی پەرخی سەر بە ئیدارەی زاخۆیە و لە ٢٠ـی تەممووزی ٢٠٢٢ لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە بۆردوومان کرا، بەهۆیەوە ٣١ هاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، ئەو جێگایە تەنیا شوێنی گەشتیارییە و دوورە لە هەموو ناوەندێكی سەربازیی و شەڕ.

هـ.ئ

Comments are closed.